ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کوردستانی ئێران!


لە دوای شەهید کرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی خەڵکی شاری سەقز کە لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی دەسەڵاتی ئێران بە بێ‌ هیچ جۆرە تاوانێک لە تاران شەهید کرا، ڕق و توڕەیی و ناڕەزایەتی دانیشتوانی کوردستان بە تایبەت ئافرەتان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی لەچوار پارێزگای کورد نشین و سەرانسەری ئێرانی لێ‌ کەوتەوە.

تەشکیلاتی ناوخۆی سازمانی خەبات و کومیتەکانی تەشکیلاتی لە تێکڕای شارەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ مەحکوم کردنی ئەو تاوانەی مەئمورانی سەرکوتکەری ڕژیمی ئاخوندی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید ژینا (مەهسا) ئەمینی و خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری سەقز بە تایبەت دەکا. هەر بەو بۆنەوە داواکاری لە دانیشتوانی کوردستان دەکەین بە هاودەنگی لە گەڵ داوای ڕێکخراوە مەدەنیەکان، بەشداری مانگرتنی سەرانسەری رۆژی دوو شەممە ٢٨ی خەرمانان بکەن و بە بەشداریتان لە مانگرتنی سەرانسەری، جارێکی دیکە بە دەسەڵاتی جینایەتکارو دیکتاتۆری ئێران ڕابگەێننەوە کە جەماوەری کوردستان لەو دەسەڵاتە نامەشروعە بێزارەو ڕووخان و لەناوچوونی ئەو حکومەتە دیکتاتۆرە ئامانجی سەرکیەتی.
هەروەها داوا لە خەڵکی سەرانسەری ئێران دەکەین پشتگیری خەڵکی کوردستان و مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری شارەکانی کوردستانی ئێران بکەن.
سەرکەوێ مانگرتنی جەماوەری وەزاڵەهاتوی کوردستان
بڕوخێ‌ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی ئێران
تەشکیلاتی ناوخۆ
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
27 ی خەرمانانی 1401 کۆچی خۆری