راگەیەنراوی ناوەندی هاوکاریی: پشتیوانی لە مانگرتنی شۆفێڕانی ماشینە بارهەڵگرەکان دەکەین

 ماوەی نزیک بە هەفتەیەکە شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەکان لە چەندین شاری ئێران‌و کوردستان لەوانە مەشهەد، هەمەدان، بوشێهر، ئیسفەهان، شیراز، سەقز، کرماشان، دیواندەرە،…. بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە جێبەجێ نەکردنی خواستە پیشەییەکانیان مانیان گرتوە و سەرەڕای بەڵێنە بێبنەماکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، مانگرتنەکان لەچەندین شاری جۆراوجۆر بەردەوامە. مانگرتنی شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەکان ئەگەر داواکارییەکی پیشەییەوە بێت، بەڵام دەرهاویشتە‌و بەشێکە لەو قەیرانە ئابورییەی کە دەسەڵاتدارانی رژیم بۆ خەڵکی ئێرانیان دروستکردوە‌و خەڵک بۆ بەدەستهێنانی بژیوی ژیانیان توشی چەندین کێشە‌و گرفت دەبنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کۆماری ئیسلامی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار خەرجی گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی جیاجیا دەکات.

 ئێمە پشتیوانی لەمانگرتنی شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەکان لە شارەکانی ئێران‌و کوردستان‌و، هەروەها مانگرتن‌و ناڕەزایی هەموو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران دەکەین ‌و خوازیاری دەستبەرکردنی داواکارییە رەواکانیانین. وەڵام نەدانەوە بە داخوازیی شۆفێرانی مانگرتوو، نمونەیەکە لە پشتگوێ خستنی ژیانی خەڵک لەلایەن بەرپرسانی رژیم ئیسلامی. سەرکەوێ مانگرتنی شۆفیڕانی ماشینە بارهەڵگرەکان لەشارەکانی ئێران‌و کوردستان بروخێ رژیمی دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران

 ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

 5ی جۆزەردانی 1397