په‌یامی کومیتەی ته‌شکیلاتی نهینی به‌بۆنه‌ی ٤٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

ئێمه‌ ئه‌ندامانی نهێنی سازمانی خه‌بات لەشارو ناوچەکانی کوردستانی ئێران به‌بۆنه‌ی ٤٥مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سازمانه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مان،  گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکەش ئه‌ندامان و لایه‌نگران و کادرو پێشمه‌رگه‌ و زیندانیانی سیاسی وبنه‌ماڵه‌کانیان و هه‌روه‌ها بنه‌ما‌ڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌که‌ین و درودو سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی پاکی مامۆستا و ڕێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری سازمانی خه‌بات، مامۆستا شێخ جه‌لال و هه‌موو  شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ئازادی و ڕێبازی سازمانی خه‌بات. 
به‌ڕێزان !
گەلانی ئێران به‌ تایبه‌ت گەلی کوردی تێکۆشه‌ر و قاره‌مان، بە پشتیوانی له‌خه‌باتی نه‌بڕاوه‌ی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه وشۆڕشگێڕه‌کان بەردەوامە لەتێکۆشان بۆ گەیشتن بەمافەکانیان. له‌گه‌ڵ سوور بوون و پێداگری جەماوەر لەشۆڕش، دەسەڵاتدارانی ئێران ئه‌و په‌ڕی سه‌رکوت و خوێنڕێژی و گرتن و شکه‌نجه‌ و تاوانی نائینسانی لەبەرانبەر جەماوەر ئەنجامدەدەن که‌ دیارترین نموونه‌یان شۆڕشی ژینا بوو که‌ له‌کوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد و هه‌موو ئێرانی گرته‌وه‌ و ئه‌و ڕژیمه‌ بۆ بێدەنگ کردنی ئەو شۆڕشە هەموو جۆرەکانی سەرکووتی بەکارهێنا. 
ئێمه‌ ئه‌ندامانی تەشکیلاتی نهێنی، له‌ژێر ڕێنوێنی و ڕاسپارده‌کانی سازمانی خه‌بات، وه‌ک هه‌میشه له‌ناو کۆمەڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا له‌‌هه‌موو قۆناغه‌کاندا دژبه‌ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و‌ لە راستای به‌ره‌وپێشچوونی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی سازمانی خه‌بات و هاندانی خه‌ڵک بۆ ‌ناڕه‌زایه‌تی و بەربەرەکانی لەگەڵ ستەم و ناعەدالەتی ڕۆڵی بەرچاومان گێڕاوه. بۆ نمونە له‌شۆڕشی ژینادا، کاتێک ڕژیمی ئاخوندی ده‌ستی له‌هیچ تاوانێک نه‌ده‌پاراست و به‌تایبه‌ت هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی له‌شاره‌کانی کوردستاندا ئەوپەڕی دڕندەیان لەخۆیان نیشان دەداو ڕۆڵه‌ به‌جه‌رگه‌کانیان به‌‌ر ده‌ستڕێژی گوللـە دەداو تێکه‌ڵ به‌ کاروانی شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاری کوردستانیان دەکردن. هەروەها دەیان که‌س له‌لاوانی کورد برینداربوون و ڕێگه‌یان نەبوو بۆ چاره‌سه‌ر بچنە نه‌خۆشخانه‌کان. لەوچوارچیوەدا ئێمه‌ ئەندامانی ته‌شکیلاتی نهێنی بە ڕێنوێنی سازمانی خه‌بات، وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، به‌بێ جیاوازی هه‌وڵی تیمارکردن و ڕاگواستنی به‌شێکی یه‌کجار زۆر له‌و بریندارانه‌ماندا و له‌مه‌رگ  ڕزگارمان کردن. 
ئێمه ئه‌ندامانی تشکیلاتی نهێنی، له‌ یادی ٤٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سازمانی خه‌بات، له‌ڕابردوو زیاتر له‌هه‌وڵ و خه‌باتمان له‌ژێر ڕێنوێنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی سازمانی خه‌بات دژبە ڕژیمی دیکتاتۆر تێدەکۆشین و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌ی هه‌ر جۆره‌ کردەوەو چالاکی سیاسی و مه‌یدانین کە لەلایەن سازمانەوە  پێمان دەسپێردرێت.
دوباره‌ ساڵیادی دامه‌زرانی سازمانی خه‌بات له‌جه‌ماوه‌ری تێکۆشه‌ری کوردستان و تێکڕای ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی پیرۆزبێ!
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی 
کومیتەی تەشکیلاتی نهێنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ کۆچی خۆری