هاونیشتمانیانی تێکۆشه‌ر و خه‌باتکار له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات!
کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی سازمانی خەبات و ڕێگه‌ی ئازادی!
ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ قارەمانه‌کانی سازمانی خه‌بات!
حیزب و لایەنە سیایەکانی کوردستان و ئێران!
بە خۆشیەوە ڕایدەگەێنین کۆنگرەی حەوتەمی سازمانی خەبات لەژێر ناو و درۆشمی کۆنگرەی شۆڕشی ژینا کە لە ڕۆژی ٢٧ ی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠ ٢ هەتاوی دەستی پێکرد، لە دوای چوار شەو و ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. ئامانج و ستراتیژی کۆنگرەی حەوتەمی سازمانی خه‌بات، لە سەر بەردەوام بوون بە شۆڕش و تێکۆشان و پشتیوانی لە خەباتی جەماوەریی و پشت بەستن بە جەماوەر و پشتیوانی خەڵک لە سازمانی خەبات و هەروەها بەربەرەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و ڕەد کردنەوەی ووت وێژو و دانیشتن لە گەڵ ئەو ڕژیمە وە هەروەها ڕەد کردنەوەی سیستم و دەسەڵاتی پاشایەتی و هەر جۆرە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بەردەوام دەبێ‌.کۆنگرەی حەوتەمی سازمانی خەبات، کومیته‌ی ناوه‌ندی  ڕاسپارد که‌ شێلگیرانە کار بۆ دروشمی ستراتیژی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی بکەن، کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و تەواوی دانیشتوانی کوردستان شوێندانەرو پێشڕەو بن‌ تێیدا. هەروەها بەردەوام بوون لە تێکۆشانی کەم هەڵە، دوریکردن لە ناوچەگەرایی و دەستەبەندی، گرینگی دان بە ڕۆڵی ئافرەتان، لاوان و خوێندکاران، پەرەپێدانی شانە تەشکیلاتیەکان لە ناوخۆی کوردستان و پشتیوانی کردن له‌ ڕێکخراوە مەدەنیەکان، بە پێی توانا دابین کردنی پێداویستی و هاوکاری بۆیان لە ئەرکە سەرەکیەکانی کومیتەی ناوەندی دەبێ‌. کۆنگرەی حەوتەم بە دروشم و ستراتیژی کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕەهەندەکان و شێوەکانی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی، پێداگری لە سەر خەباتی ڕوخانخوزای و کار بۆ هاتنە سەرکاری حکومەتی دیموکراتیک و پارڵمانی لە ئێران دەکات و کومیتەی ناوەندی نوێی ڕاسپارد لە سەر ئەو ڕەوتە، ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن. کۆنگرەی حەوتەم لە ماوەی چوار ڕۆژ کۆبوونەوە‌و کاری  دڵسۆزانە، ئەرکە دیاریکراوەکانی خۆی سەرکەوتوانە، جێبەجێ کرد. لە یەکەم دانیشتنی کاریی کۆنگرە دا، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەی شه‌شه‌م پێشکەش کرا‌و، دوای ئەوەی بەشداران تێبینی‌و پرسیارەکانی خۆیان لە بارەیەوە پێشکەش کرد و وەڵامی پێویستیان درایەوە و پاشانیش لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کرا.لە بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرە، بڕگەی کاری ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات، باس لە سەر ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە تەرخان کرابوو. لە سەرەتای ئەم بەشەی کاری کۆنگرەدا، هەڵبژاردەیەک لە ڕاپۆرتەکە لە لایەن ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و چەند باسی دیکەش پێشکەش کرا.ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ناوەندی دوای ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە هەلومەرجی جیهانی ‌و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست‌ لە چەند بەشی سەرەکی پێک هاتبوو. بەشی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ باسە سیاسەکانی جیهان، ئوروپا، ئەمریکا، نەخۆشی کۆڕۆناو کاریگەریە زیانبارەکانی، جەنگی ئۆکڕاین، ترۆریزمی جیهانی ...هتد. بەشی دووهەم تەرخان کرابوو بۆ هەلومەرجی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست،کێشەی نێوان وولاتانی ناوچەکەو پەیوەندی عەرەب و ئیسرائیل و پێوەندی ووڵاتانی ناوچەکە بە تێکڕا. بەشی سێهەم دیاری کرابوو لە سەر سیاسەتی دزێو و زیانباری ڕژیمی ئاخوندی و سیاسەتی ئاژاوەگیری لە ووڵاتانی جیهان و ناوچەکە، پەرەپێدان بە ترۆریزمی نێودەوڵەتی، پرسی ناوکەیی و ئەتۆمی، بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بەرەوسەر چوونی هەژاری، هەلومەرجی سیاسی ‌و چالاکی مەدەنی لە نێوخۆی ئێران‌ و ئۆپۆزیسیۆنی دژ به‌ده‌سه‌ڵاتی ئێران. بەشی چوارەمی ڕاپۆرتی سیاسی تایبەت بوو بە کورد، سیاسەتەکانی سازمانی خەبات لە بارەی پرسی کورد بە گشتی ‌و پرسی کورد لە کوردستانی ئێران. لەم بەشە لە ڕاپۆرتەکەدا هەڵوێست و سیاسەتی سازمان و بەراورد و خوێندنەوەی لە مەڕ پێگەی کورد لە ئێران، لایەنی ئابووری‌و کۆمەڵایەتی،چالاکانی سیاسی ‌و هەڵسوڕانی چالاکانی مەدەنی و دەوری کاریگەری ئافرەتان، لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و کەوتە بەر باسی ئەندامانی کۆنگرە. هەروەها باسی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان یش کرا.لە بەشی چوارەم دا ئامانجی سیاسیی و تەشکیلاتی سازمانی خەبات‌، خەباتی سیاسی‌و مەدەنی، چالاکیی کومیتەکانی سازمان لە دەرەوەی کوردستان و کومیتەکان و ڕێکخستنی دەرەوە، پێوەندی‌و هاوکاری لە نێوان سازمانی خەبات ‌و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هۆکانی چوونە دەرەوەی سازمان لە ناوەندی هاوکاری و پێوەندی لە گەڵ هێزە سیاسیە شۆڕشگیڕە ئێرانیەکان و گرینگی هاوپەیمانی نێوان سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران باس کرا.کۆنگرە لە کارەکانی‌دا، پێداچوونەوەی بە سەر بەرنامە‌و پەیڕەوی نێوخۆیی سازمان دا کرد و چەند ئاڵوگۆڕی سەرەتایی لە پەیڕەوی سازماندا پەسەند کرد.
ئەندامانی کۆنگرەی ٧ ،کۆنگرەی ژینا، لە پێوەند بە ئەرک و کاری سازمانی و تێکۆشانی ئورگانەکان لە ماوەی کۆنگرەی شەش تا کۆنگرەی حەوتەم،چەندین ڕەخنەی بە جێیان گرت و چەندین پێشنیاری بەکەڵک خرانە بەردەم ئەندامان و لەم پێوەندییە دا هەم ئەندامان و بەرپرسەکانی پێشووی کۆمسیۆنەکانی سازمان، بەشدارانی کۆنگرە، چەندین سەرنجی بەنرخیان لە سەر پێویستیی گرنگیدان بە ئۆرگانە سازمانیەکان، بە لە بەرچاوگرتنی پەیڕەوی ناوخۆیی سازمان، پێشکەش کرد و ماوەیەکی باشیان بۆ هێنانە بەرباسی خالە بەهێز ‌و لاوازەکانی چالاکیەکانی سازمان لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌ و پێشنیارکردنی ڕێکاری بەسوود بۆ باشترکردن ‌و زیاتر بەرەوپێشبردنی سازمانی خەبات خستە بەر باس. ئەندامانی کۆنگرە زۆر بە ڕاشکاوی لە سەر کەموکۆڕی ‌و لاوازییەکانی چالاکی ‌و تێکۆشانی سازمان، هەروەها لە سەر دەسکەوتەکان ‌و خالە بەهێزەکانی کاروباری پێشمەرگایەتی‌‌و هەڵسووڕانی تێکۆشەرانی ئاشکراو نهێنی لە شارو ناوچەکانی کوردستانی ئێران، تێکۆشان‌و ڕۆڵی سازمان لە بارەی خەباتی مەدەنی و پەرەپێدانی، جێگە‌و پێگەی ئافرەتان لە سازماندا، بەڕێوەبەریی سازمان، کاروباری ڕێکخستن و تەشکیلاتی، پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، راگەیاندن، دارایی‌و ماڵی، پەروەردە‌و بارهێنانی کادرو پێشمەرگە، قسەیان لە سەر کرا. 
پرسی هەڵبژاردنی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی داهاتووی سازمان، یەکێکی دیکە لەو ئەرکە گرنگانە بوو کە لە کۆنگرەی حەوتەم بە وردی‌ خرایە بەر باس‌و بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا. کۆنگرە دوای لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دا ئەندامانی کومیتەی ناوەندی هەڵبژارد. جێگەی ئاماژەیە کە پەیامی سازمان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران کە بۆ کۆنگرە هاتبوو خوێندرانەوە و ئەندامانی کۆنگرە سپاسی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و ئێرانی و ئەندامان و دۆستانی سازمان لە ناوخۆی کوردستانیان کرد کە بە ناردنی پەیامە بەکەڵک و پر ناوەرۆکەکانیان کۆنگرەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، بە تایبەت پەیامی بەڕێز مەسعودی ڕەجەوی و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شوڕای میللی مقاومەتی ئێران و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان جێگەی سەرنجی ئەندامانی کۆنگرە بوو. بێگومان پەسندکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە ڕۆڵێکی گرنگیان لە چالاکی وتێکۆشانی داهاتووی سازمان دا دەبێ، کە لە داهاتوودا ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی سازمان بۆ کۆنگرەی حەوتەم و هەروەها پەیڕەو پڕۆگرامی پەسەند کراوی کۆنگرەی حەوتەم چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرە،کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەوتەم ، کۆنگرەی ژینا، پیرۆزبایی گەرم بە هەموو تێکۆشەران، ئەندامان ‌و دۆستان‌و دڵسۆزانی سازمانی خەبات پێشکەش دەکەین و سپاس بێ‌ پایان بۆ پشتیوانی‌ و هاوکاری خەڵکی کوردستان ‌و دۆستان‌ و ئەندامان و دڵسۆزانی سازمانی خەبات.

سڵاو و درود بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بە تایبەت شەهیدانی شۆرشی ژینا
بڕوخێ‌ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ‌ خەباتی ڕەوای گەلی کورد و گەلانی ئێران 
کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەوتەمی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
٢ ی گەلاوێژی ١٤٠ ٢ هەتاوی