لە سەرانسەری دونیا دەگمەنن ئەوانەی کە دەنگی شۆڕشی ژینا یان نەبیستبت. ئەو شۆڕشەی کە بەهۆی شەهیدکرانی نارەوای کچە کوردێکی ۲۲ ساڵان بە ناوی ژینا ئەمینی بە دەستی حکومەتی تاریکپەرەست و دڵ پڕ لە قین، سەری هەڵدا و جیهانی هەژاند.
شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادیی و بە پێشەنگایەتی ئافرەتانی بوێر و لاوانی تێکۆش و بێزار لە ستەم، بە مەبەستی روخانی دەسەڵاتی جەهل و جینایەت لە ئێرانی ئاخوند لێدراو، بۆ ئامانجی هێنانەدیی ماف و ئازادیەکان بۆ نەتەوە بندەستەکان، مافی یەکسان و بەرابەر بۆ ئافرەتان، بۆ سڕینەوەی هەموو جۆرە هەڵاواردن و جیاکاریەک لە ئێران لە کوردستانەوە چەخماخەی لێدرا و هەر زوو سەرانسەری ئێرانی گرتەوە.
دیمەنەکانی شۆرشی ژینا ئەوندە حەماسە خولقێنن و بوێری و چاونەترسی ژنان و لاوان نیشاندەدا کە دۆخی رژیمیان قورس و حەستەم کردووە بەجۆرێک کە لە 40 ساڵی رابردوودا ئەو دەسەڵاتە بەو رێژەیە لاواز و بێ توانا و لە روخان نزیک نەبووە. دروشمەکانی شۆرشی ژینا لە هەموو ئێران بووەتە وێردی سەر زمانی هەر لە منداڵی قوتابخانە بگرە هەتا خوێندکاری زانستگا و بازاری و تێکڕای چین و توێژەکانی کۆمەڵەگەی ئێران.
شۆڕشی ژینا توانی شکست بە سیاسەتی دووبەرەکێ ی رژیم لە نێوان نەتەوەکانی ئێران، بێنێ و ئەو نەتەوانە دەست لەنێو دەستی یەکتر پشتیوانی لە یەکتر دەکەن و هەموو بە یەک دەنگ هاواری مەرگ بۆ خامنەیی و ژن ژیان ئازادی سەر دەدەن.
لە دوای 50 رۆژ لە سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا، دەبینین کە هەموو نەتەوەکانی ئێران بریندارن و خوێنیان لێ دەچۆڕێ، بەڵام ئەم شۆرشە هەر چۆن لە کوردستان کڵپەی کرد، هەر ئاوایش بووتە هەوێنی بەردەوامی و بەربڵاوبوونەوەی لە هەموو کون و قوژبنێکی وەڵات. وەک بڵێی کوردستان پێشەنگایەتی و پێشرەوی خەباتی ئازادیخوازی بە باڵا دووراوە، رۆژگارێک سەنگەری ئازادی ئێران بوو و لە هەموو ئازادیخوازێکی ئێرانی بۆ ئەوەی بەرپەرچی زوڵم و ستەمی ئاخوندان بداتەوە خۆی دەگەیاندە کوردستان، ئەمرۆیش کوڕان و کچانی کوردەواری مەشخەڵداری شۆرشی ژینان و بڕیاری روخان و لەناوچوونی دەسەڵاتی نەگریس و دواکەوتووی ئاخوندانیان داوەو باقی نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێرانیش هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی دەرۆن و پشتیوانی لێ دەکەن.
شۆرشی ژینا رێگەیەکی باشی بڕیوە و کچان و کوڕانی بوێر و تێکۆشەری کوردستان و ئێران بە پێداگری و رادیکاڵتر کردنی دروشمەکان دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندی، هەتا دێ ئاگری کورەی ئەم خەبات و بەرخۆدانە زیاتر خۆش دەکەن و هێماکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە سەرکەوتن زۆر نزیکە و بەم زوانە خۆری ئازادی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە کەل هەڵدێ. ئەو کاتە ژنان بە مافەکانی خۆیان دەگەن، ژیان دەچێتەوە سەر شاڕێی خۆی و گەلانی ستەم دیتووی ئەو وەڵاتەیش بە ئازادی و بەختەوەری دەژین.