لە کاتێکدا کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و ئێران بە هەلومەرجێکی هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتیەکانی شەش رۆژی رابردوو بناغەکانی دەسەڵاتی ئیستبدادی هەژاندووە، جارێکی دیکە و لە سیناریۆیەکی جێگەی گوماندا ڕەزا پەهلەوی وەک ئەڵتەرناتیڤی ساختە،لەلایەن هەندێک میدیا و لایەنی دەرەکییەوە دەهێنرێتە پێشەوە، بەڵام خوێندنەوەی ورد بۆ ڕوداوەکان و هەلومەرجەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم شانۆگەریە زیاتر لەوەی پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازانە بێت، بەشێکی سەرەکی،دروستکراوی خودی دەستوپێوەندییە ئەمنییەکانی رژیمی ئاخوندییە، بۆ بەلاڕێدابردنی ڕەوتی شۆڕشی راستەقینەی گەلانی ئێران.
بۆ ئەوەی بزانین ڕەزا پەهلەوی کێیە و هەڵگری چ جۆرە دیدگایەکە، پێویستە بە وردی چاوێک لە مێژووی خوێناوی و پڕ لە گەندەڵی ئەو خانەوادەیە بکەین، مێژووی دزێوی ئەو خانەوادەیە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بنەماڵەی پەهلەوی لەسەر دوو کۆڵەکەی دیکتاتۆری و تاڵانی سامانی گشتی دامەزراوە و هەرگیز ناتوانن نوێنەری ئازادیخوازی و دیموکراسی خوازی بن.
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی هێنانەپێشەوەی ڕەزا پەهلەوی لەم قۆناغەدا، ئەویە کە خودی ژوورە تاریکەکانی دەزگا تیرۆریستەکانی وەک ئیتلاعات و سپا لە پشت فووتێکردنی ئەم کارەکتەرەن، ئامانجی ڕژیم لەم تاکتیکە ڕوونە و ئەویش دروستکردنی ترسی جەماوەرە لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دابەشکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتی تر،لێدان لە یەکڕیزیی نێوان نەتەوەکانی ئێرانە. دەسەڵاتی ئاخوندی باش دەزانێت کە ڕەزا پەهلەوی بەهۆی مێژووی ڕەشی باوکی لە سەرکوتکردنی کورد و نەتەوەکانی دیکەدا، کارتێکی سووتاوەو توانای کۆکردنەوەی جەماوەری ی نییە، بۆیە بە زەقکردنەوەی، هەوڵ دەدات شۆڕشەکە لە ڕێڕەوی دیموکراسیخوازانە دەربکات و ترسێک لە لای نەتەوەکان دروست بکات کە جێگرەوەی ئاخوند، دیکتاتۆرێکی دیکەیە، ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە مانەوەی ڕژیم دەکات.
لە ڕاستیدا ڕەزا پەهلەوی وەک مەتەرێزێک وایە کە ڕژیم بۆ پاراستنی خۆی لەو شەپۆلە تووڕەییەی خەڵک بەکاری دەهێنێت.
لایەنێکی دیکەی میراتی پەهلەوی کە ئەمڕۆ "کوڕی شا" هەوڵی شاردنەوەی دەدات، گەندەڵی زەبەلاح و تاڵانکارییە سیستماتیکەیە کە ئەنجامیان داوە، ڕەزاخان لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا بە زەبری هێز باشترین زەوییەکانی وڵاتی لە مازەندەران و خوراسان و ناوچە ستراتیژییەکانی دیکە داگیر کرد و کردییە موڵکی شەخسی خۆی، ئەم نەریتە لە کاتی هەڵاتنی محەمەد ڕەزا شادا گەیشتە لووتکە، کاتێک بە ملیارەها دۆلار لە سەرمایەی خەڵکی ئێران و بڕێکی یەکجار زۆر لە زێڕ و خشڵی گەنجینەکانی وڵاتی بۆ دەرەوەی ئێران بە تاڵان برد. ئەو ژیانە شاهانە و خۆشگوزەرانییەی کە ئەمڕۆ ڕەزا پەهلەوی و خێزانەکەی لە ئەمریکا دەیکەن، ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەو سەرمایە دزراوەیە کە هی خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئێرانە، لێرەدا پرسیارە جەوهەرییە ئەوەیە کەسێک کە بە پوڵی دزراو دەژیی و ژیانی لەسەر خوێن و ئارەقەی خەڵک بنیاد ناوە، چۆن دەتوانێت باس لە دادپەروەری و دڵسۆزی و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خەڵک بکات؟
مێژووی پەهلەوی تەنها دزی نەبووە، بەڵکو پڕە لە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ڕەسەنی گەلانی ئێران و سەپاندنی شۆڤێنیزمێکی ناوەندگەرا.
لە سەردەمی ڕەزاخاندا بە زۆر و بە زەبری قامچی جلوبەرگی خەڵک گۆڕدرا و حیجاب قەدەغە کرا بە پاساوی مۆدێرنیزمێکی ساختە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە جێبەجێکردنی پلانێکی داڕێژراو بوو بۆ لێدان لە بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و تێکشکاندنی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەو سەرکوتکارییەی لە مزگەوتی گەوهەرشاد و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک و زانایان ڕوویدا، شاهیدی ئەو دیکتاتۆرییە کە ڕەزا پەهلەوی ئەمڕۆ هەوڵ دەدات بە ناوی ئازادی و سیکۆلاریزمەوە بیشارێتەوە و خۆی وەک فریادڕەس نیشان بدات.
جگە لەمانە، زیاتر لە ٤٣ ساڵە ڕەزا پەهلەوی لە دەرەوەی وڵات دەژی و لەو ماوەیەدا نە ئازارێکی چەشتووە، نە برسی بووە، نە زیندانی کراوە و نە لە گۆڕەپانی خەباتی ڕاستەقینەدا بووە، تەنها تایبەتمەندی و سەرمایەی سیاسیی ئەو ئەوەیە کە ناوی باوکی هەڵگرتووە و میراتگری دیکتاتۆرییەتە. لە کاتێکدا گەلانی ئێران بە قۆناغی سەخت و خوێناویدا تێدەپەڕن، ئەو لە کۆشکەکانیدا خەوی بە دەسەڵاتەوە بینیوە و چاوەڕێی کردووە وڵاتانی زلهێز لەسەر سینییەک لە زێڕ تاجەکەی باوکی بۆ بگەڕێننەوە. گەلێک کە جارێک تامی تاڵیی دیکتاتۆری و وابەستەیی و زوڵمی پەهلەوی بینیوەو و دژی وەستاوەتەوە، مەحاڵە بگەڕێتەوە بۆ دواوە، بانگەشەکردن بۆ ڕەزا پەهلەوی، لە ڕاستیدا هەوڵدانە بۆ زیندووکردنەوەی قۆناغێکی تاریکی سیاسی کە مێژوو حوکمی ناشتنی بۆ دەرکردووە.
داهاتووی وڵات بە دەستی جەماوەر دیاری دەکرێت کە خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆن، نەک "روبعە پەهلەوی"یەک کە تەنانەت توانای ئیدارەدانی خانەوادەکەب نییە.
لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم ڕەزا پەهلەوی نوێنەرایەتی ڕابردوویەک دەکات کە پڕە لە ستەم، گەندەڵی، تاکڕەوی و خۆبەدەستەوەدان، ئەو ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییە ڕەواکانی گەل بێت، چونکە خۆی و بنەماڵەکەی بەشێک بوون لەو هۆیانەی کە وڵاتیان تووشی ئەم قەیرانە خراپ و پڕ لە کارەساتە مێژووییە کردووە و زەمینەیان بۆ هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان خۆش کرد. لە ئێستادا شۆڕشی گەلانی ئێران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و بەرەو دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دیموکراتیک دەچێت نەک گۆڕینەوەی عەمامە بە تاج.
گەلانی ئێران خۆیان سەرکردەی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ئازادیخوازین و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە و شۆڕشگێڕ لە دەرەوەی وڵات بە پشتیوانی خۆیان دەزانن، هەموو نەیارانی ڕژیمی ئاخوندی سەرەڕای جیاوازییە ئیدۆلۆژییەکانیان لەسەر دروشمی "نە بۆ ڕژیمی ئاخوندی و نە بۆ ڕژیمی پەهلەوی" یەک بۆچوون و دەنگیان هەیە، ئەم خاڵە هاوبەشانە دەبێ ببنە هەوێنی هاودەنگی لەسەر حاستێکی گەورەتر، چونکە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و لە ئاکامدا تێپەڕاندنی ڕژیمی دەسەڵاتدار پێویستی بە یەکدەنگیی هەمووان هەیە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکڕاتیک و ئازاد کە مافی گەلانی ئێران و بە تایبەت مافی گەلی کورد و مافی ژن و تێکڕای چین و توێژەکان دابین بکات.

