بڕیاری دروست لەکاتی هەستیاردا مێژوو دەخوڵقێنێت

✍ ماردین زاهدی
مێژوو نیشانی داوە کە هیچ نەتەوەیەک بە دروشم و هەڵچوون بە سەرکەوتن نەگەیشتوە. ئەوەی وڵات و نەتەوەکان بەهێز دەکات، توانایانە لە دانانی قازانجی گشتی لەسەر قازانجە لایەنی و تەسکەکان. هەر نەتەوەیەک کە لە ساتە چارەنووسسازەکاندا یەکگرتوویی و بەرپرسیارەتی هەڵبژاردووە، توانیویەتی داهاتووی خۆی بگۆڕێت.
کورد، پێش لە هاتنی تورکەکان بۆ ئاناتۆڵ، خاوەنی مێژوو، زمان، کلتور، نەریت و خاکی خۆی بووە. ئەم ڕاستییە مێژووییە نە بە هێزی سیاسەت دەسڕدرێتەوە و نە بە پاگەندە دەگۆڕدرێت. بەڵام مێژووی پڕشکۆ، ئەگەر بە یەکگرتوویی و هێزی سیاسی نەپارێزرێت، تەنها دەبێتە شانازییەکی ڕابردوو، نەک هێزێک بۆ بنیادنانەوەی داهاتوو. ئەزمونی لۆزان یەکێکە لەو وانەیانەی کە دەبێ لە ئێستادا باشترین کەڵکی لێ وەربگرین.
هەروەها ئەزموونی وڵاتانی دیکەش ئەوە دەڵێت کە سەرکەوتن کاتێک دەستەبەر دەبێت کە هێزە جیاوازەکان لە ساتی مەترسیدا قازانج و ئامانجی گشتی بخەنە سەر هەموو بابەتێکی دیکە. ئەو نەتەوانەی توانیویانە دەوڵەت و دەسەڵاتی بەهێز دروست بکەن، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، لەسەر ئامانجی هاوبەش یەکگرتوون. دەبێ ببینین کە ئیسرائیل چۆن توانی پاش ئەو هەموو زۆڵمە کە لێی کرا و هۆلۆکاست و ڕاوەدونانی جوولەکەکان لە ئیسپانیا لەساڵی ۱۳۹۲ کە هەزاران کەس ناچار بە کۆچ یان گۆڕینی ئایین کران،
بەرنامەکانی ڕووسیە لە کۆتایی سەدەی ۱۹ و سەرەتای سەدەی ۲۰ کە هەزاران جوولەکە کوژران و ماڵ و سامانیان تاڵان کرا،
کارەساتی خۆمەلنیتسکی لە ساڵانی ۱۶۴۸–۱۶۵۷ لە ناوچەکانی ئەمڕۆی ئۆکراین، کە بە دەیان هەزار جوولەکە کوژران و یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکانیان پێش هۆلۆکاست، ڕاوەدونان و کوشتارەکانی سەردەمی سەلیبییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست، کە کۆمەڵێکی زۆر لە جوولەکەکان لە ئورووپا لەناوبردران و چەندین نمونەی دیکە. بەڵام یەکگرتنی جوەکان وای کردوە کە ئێستە زلهێزی جیهانی بن.
ئەم وانەیانە بۆ کوردستانی ئێران گرنگترە لە هەر کاتێکی دیکە. هەموو ڕۆژێک موشەک و درۆن بنکە و شوێنی هێزە کوردییەکان دەکاتە ئامانج. هەموو جارێک پێشمەرگەکان شەهید دەبن، خێزانەکان شین دەبێت و پارچەیەک لە هێزی نەتەوە کەم دەبێتەوە. بەڵام هێشتا زۆرجار ناکۆکییە ناوخۆییەکان و خواستە تەسکە حیزبییەکان لەسەر خواستە نەتەوەییەکان زاڵن. ڕاستییەکی تاڵ هەیە؛ موشەکی دژمن جیاوازی ناناسێت. ناپرسێت ئەم پێشمەرگەیە سەر بە کام حزبە یان ئەو بنکەیە سەر بە کام ڕێکخراوە. تەنیا یەک شت دەناسێت، هێزی کورد. ئەگەر دژمن هەموو کورد بە یەک ئامانج دەبینێت، بۆچی هێشتا هێزە کوردییەکان ناتوانن لە ئاستی دیفاع و بڕیارداندا وەک یەک هێز هەڵسوکەوت بکەن؟
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەنگاوێکی باش بووە، بەڵام ئێستا ئەوە بەس نییە. دۆخی ناوچە و قوربانییە بەردەوامەکان پێویستیان بە قۆناغێکی تازە هەیە؛ قۆناغی ڕێکخستنی تەواوی هاوپەیمانی. هاوئاهەنگیی سیاسی، بەرنامەی هاوبەش، میکانیزمی بڕیاردانی یەکگرتوو، هاوکاریکردنی پێشمەرگە و یەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئیتر بژاردە نین؛ بەڵکوو پێویستییەکی مێژوویین. هەروەها، ئەم بەرەیە نابێت تەنها لە چوارچێوەی حزبەکاندا سنووردار بێت. ناوەندە مەدەنییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان، یەکێتییە پیشەییەکان، نووسەران، ڕووناکبیران، هونەرمەندان و هەموو توانا کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەبێت بەشدار بن. بەرەیەکی نەتەوەیی، بە هاوبەشیی هەموو توانا نیشتمانییەکان دروست دەبێت، نە تەنیا بە هێزە سیاسییەکان.
خەڵکی کوردستان ماندووە لە دابەشبوون و چاوەڕوانی دروشمی تازە نییە؛ چاوەڕوانی کردارە. چاوەڕوانی ئەوەیە کە هێزە سیاسییەکان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆیاندا هەڵسوکەوت بکەن و بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن کە بتوانێت وەڵامدەری ئەو هەلومەرجە هەستیارە بێت.
مێژوو هەمیشە دەرفەتەکان دووبارە ناداتەوە. هەلومەرجی ناوخۆی ئێران، گۆڕانکارییەکانی ناوچە و فشارە نێودەوڵەتییەکان دەرفەتێکی گرنگیان خوڵقاندووە، بەڵام کات بە خێرایی تێدەپەڕێت. هەر ڕۆژێک کە بەبێ هەنگاوی گەورە دەگوزەرێت، دەرفەتێک لەدەست دەچێت و نرخی ئەو دواخستنە بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ کاتی ئەوە نییە کە هەر لایەنێک مێژووی خۆی بپارێزێت، کاتی ئەوەیە نەتەوەکە بپارێزرێت. ئەوەی داهاتووی کوردستانی ئێران دیاری دەکات، نە ژمارەی حزبەکانە و نە قەبارەی جیاوازییەکان؛ بەڵکوو ئەو ئاستەیە کە هێزە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بتوانن لە کاتی مێژوویی ئێستادا لەسەر ئاکامی گەورەی نەتەوەیی یەک بگرن. ئەمە تەنها هەڵبژاردەیەکی سیاسی نییەو بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییە کە دەکەوێتە سەر هاوپەیمانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران. بۆیە لەم قۆناغە چارەنوس سازەدا نابێت دەرفەتەکان بەفیڕۆ بڕوات و ببێتە خۆزگەو ئاواتی بابردوو.
  مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی، ڕێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات، پێداگر بوە لەسەر ئەو بابەتەو دەیفەرموو: 
 یه‌ككه‌وتنى كورد و هێزه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان و ئاماده‌ییان بۆ به‌ربه‌ره‌كانى هێزی سه‌ركوتگه‌رى ڕژێمى دیكتاتۆر و فاشیتى ئاخوندى و جێ دارانى داهاتووى زه‌روره‌تێكى مێژووییه‌. كورد بۆخۆى نه‌بێ كه‌سى بۆ نابێ، كورد به‌یه‌كیه‌تى له‌ ڕێى موباره‌زه‌ دا هه‌یه‌، بۆ دووبه‌ره‌كى بۆ كوردستان و كورد كارناكا به‌ڵكو بۆ دژمنانى كورده‌.