مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد پڕە لەو دەستپێشخەرییە دەگمەن و چارەنووسسازانەی کە بۆتە هەوێنی بەردەوامی، ڕەسەنایەتی و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانییانی. ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی کۆچی خۆری (٢٧ی ئابی ١٩٨٠) یەکێکە لەو وێستگە هەرە پڕ بایەخ و جیاوازانەی کە مێژووی نوێی کوردستانی پێ بونیاد نراوەتەوە. لەو کات و ساتەدا، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەک قەوارەیەکی نیشتمانی و خاوەن ڕوانگەیەکی سیاسیی جیاواز، بە  ڕێبەرایەتیی باوەڕپێکراوی نیشتمان، جەنابی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و چەندین تێکۆشەری تر دامەزرێندرا. من وەک پێشمەرگەیەکی سازمانی خەبات، کاتێک ئاوڕ لەم ڕێڕەوە مێژووییە دەدەمەوە، تەنیا لاپەڕەیەکی نووسراوی ڕابردوو نابینم، بەڵکو مانیفێستێکی زیندووی ئازادی و سەربەخۆیی فیکری دەبینم کە دەکرێت باشترین نەخشەڕێ بێت بۆ داهاتووی سیاسیی گەل و نیشتمانەکەمان.
بۆچی دامەزراندنی سازمانی خەبات زەروورەتێکی مێژوویی بوو؟ کاتێک رژیمی ئاخوندانی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری خۆیدا، بە توندوتیژی و دەرکردنی فەرمانی جیهاد دژی خەڵکی کوردستان وەڵامی ویستە دیموکراتیکەکانی گەلەکەمانی دایەوە، بزووتنەوەی کوردی تەنیا لە بەرەی جەنگی سەربازیدا نەبوو، بەڵکو لە ناخەوە ڕووبەڕووی ململانەیەکی قورسی ئایدیۆلۆژی و فیکریی تاقەتپڕووکێن ببووەوە. لەو بارودۆخە هەستیارەدا، مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و هاوسەنگەرانی درکیان بەوە کرد کە کوردستان پێویستی بە دۆزینەوەی دەنگی ڕاستەقینە و خۆماڵیی خۆیەتی؛ دەنگێک کە نەکەوێتە ژێر کێشمەکێشی ئایدیۆلۆژی هاوردە دەرەکییەکان و بتوانێت لە یەک کاتدا ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگەی کوردەواری و ئیرادەی ڕزگاریخوازی تێکەڵ بکات. سازمانی خەبات بەم ستراتیژەوە هاتە مەیدان و پێناسەیەکی نوێی بۆ سیاسەتی خۆماڵی پێشکەش کرد.
 
لە دیدگای سیاسیی سازماندا، "سەربەخۆیی سیاسی" تەنیا دروشمێک نییە بۆ خۆدەرخستن، بەڵکو ستراتیژێکی گۆڕانکاریی قووڵە. مێژووی چەند دەیە تێکۆشانمان نیشانی داوە کە کە کاتێک بڕیاری بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی دەبێتە بارمتەی کایە و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، جوڵانەوەیەکی نەتەوەیی پێگە و ڕەسەنایەتیی خۆی لەدەست دەدات و پەککەوتە دەبێت.
مێژووی سازمان، خۆدوورخستنەوەی تەواو بووە لە شەڕی مالوێرانکەری ناوخۆیی یان هەمان "شەڕی براکوژی". لە سەردەمێکدا کە ناکۆکییە نێوخۆییەکان هەڕەشەی جدییان لە پاشەڕۆژی گەلەکەمان دەکرد، سازمانی خەبات بە توندی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوخۆیی ڕەتکردەوە و ڕێگەی دیالۆگ و تەبایی گرتەبەر. سازمانی خەبات خاوەن فەلسەفەیەکی دیپلۆماسی و سیاسیی مۆدێرنە کە تێیدا قازانجی گشتی دەخرێتە سەرووی هەموو قازانجێکی تەسکی حزبییەوە.
 
هاوکات سازمانی خەبات، لە چوارچێوەی پەیوەندییە سیاسییە گشتییەکاندیدا، هەمیشە خەتێکی سووری ڕوونی کێشاوە بەرامبەر هەر جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێکی تەسلیمخوازانە لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی؛ سازمان لەو باوەڕەدایە کە ئەم ڕژیمە قابیلی چاکسازی نییە و تەنیا بژاردەی شیاو بۆ بەدیهێنانی مافی گەلی کورد، ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتارەیە. لەم پێناوەشدا، کاری بۆ هاوپەیمانیی بەهێز لەگەڵ هێزە دیموکراتخوازەکانی دژبەری ڕژیم کردووە کە خاوەنی گەڵاڵەی ڕوونن بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ئێرانی داهاتوودا.
 
وەک ژنێک کە لە سازمانی خەباتدا ئەرکم لەسەر شانە، کاتێک باس لە ئازادی دەکەم، ناتوانم پانتایی خەبات تەنیا لە دروشمە گشتییە سیاسییەکاندا کورت بکەمەوە. ڕزگاریی ڕاستەقینەی گەلی کورد کاتێک بەدی دێت کە ئافرەتانی کورد بەبێ ترسی بەربەستە کۆنەکان و دابونەریتە چەقبەستووەکان بێنە جەرگەی بڕیاردانی سیاسییەوە. ئێمە لە سازمانی خەباتی کوردستاندا، دۆسیەی ژنان وەک دۆسیەیەکی لاوەکی نابینین، بەڵکو پێمان وایە پرسی ئافرەت جەوهەری پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشەنگ و شارستانییە. خەباتی ئێمە کاتێک دەگاتە ئامانج کە پێگەی شایستەی ژنان لە کایەی گشتیدا، چ لە خەباتی مەدەنی و چ لە سیاسەتدا، بە بڕوا و هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە دابین بکرێت.
 
ئەمڕۆ کە ٤٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سازمانی خەباتدا تێدەپەڕێت، سەختی و مەترسییەکانی سەر ڕێبازەکەمان نەڕەویونەتەوە؛ لە پیلانگێڕییە بەردەوامەکانی ڕژیمی ئێرانەوە تا دەگاتە هێرشە سەربازی و درۆنییە نامەردانەکان بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانمان . بەڵام ئەم توندوتیژییانە هەرگیز ورەمان ناڕووخێنێ و بڕوای ئێمە بە دادپەروەری، مرۆڤدۆستی و دیموکراسی کەم ناکاتەوە. گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە زیاتر لە هەموو کات ڕاستی و دروستیی ڕێبازی سازمانی خەبات دەسەلمێنن. داهاتوویەکی گەش لەسەر بنەمای سیستمێکی پەرلەمانی دیموکراتیک و غەیرە مەزهەبی (سێکۆلار) بونیاد دەنرێت کە تێیدا ڕێز لە فرەیی نەتەوەیی، مافی منداڵان و بزووتنەوە مەدەنییەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی ژینگەپارێزی لە کوردستاندا بگیرێت.
 
گەلی کورد شایستەی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، و سازمانی خەبات بە لێکدانەوەی ژیرانەی ڕابردوو و سوودوەرگرتن لەم مێژووە زێڕینە، بە بڕوایەکی بەهێزتر و  خەمخۆرانە  درێژە بەو خەبات دەدا کە و ڕەسەنانە بۆ ڕزگاریی خاک و گەلی کورد خەبات دەکا.
 پیرۆزبێ ٥ی خەرمانان